ئاوێزان نورى
لەگەڵ سووتانى باڵى پەروانەیەکدا
بە شەمعى ژوورەکەم
من دەسوتێم
لەگەڵ شکانى پەنجەرەى ماڵێکى چۆڵدا
من دەشکێم
لەگەڵ وشکبوونى گەڵایەک
بەدارى مەینەتى پایزەوە
هەڵدەوەرێم
لەگەڵ هەناسەی ماندووى چۆلەکەیەکدا
ماندوو دەبم
لەگەڵ ئازارى گوڵێکى نێو باخچەکەم
بە دڕکی قەدو باڵاى خۆیەوە
ژان دەگرم
لەگەڵ "با"دا سەما دەکەم
لەگەڵ ئاوابوونى خۆردا
ئاوا دەبم
لەگەڵ ووتنەوەى تەراتیلەکانى کڵێسادا
لەخاچ دەدرێم
لەگەڵ بانگى موحەمەد
پڕ دەبم لە گووناه
لەگەڵ باراندا
تەڕ دەبم و
لەگەڵ غەریزەکانى پیاوێک
ژنێتیم لێ دەچۆڕێ
لەگەڵ رۆیشتنەکانى یار
غەرقى فیراق دەبم و
لەگەڵ خۆمدا
تەنیایى رادەموسم
مەراق تەق تەق
لە دەرگاى بێئومێدیم دەدا و
رۆژانە دێت
سورەتی تەنیاییم لەسەر دەخوێنێ و
ئایەتەکانى نامۆییم بۆ شیتەڵ دەکاتەوە
دەڵێ: ئەو شەوەى تۆ تێیدا لە دایک بوویت
ئەستێرەکان دەیانزریکاند لە حەژمەتى مانگ گیراندا
بۆیە نە بەر تریفەى مانگ کەوتى و
نە ئەستێرە ئاگاى لە دایکبوونت بوو
تا لە کەژاوەى خۆیاندا بتخەوێنن
ئەو وەرزەى تۆ تێیدا لە دایک بوویت
گوڵەکان دەگریان بۆ نەهاتنى باران
بۆیە بێ خەبەر بوون لە تۆو
هەندێ لە بۆن و جوانى خۆیان پێوە نەکردى
ئەو کاتەى تۆ تێیدا لە دایک بوویت
کاتژمێرى ژیان لە چرکە چرک کەوتبوو
بۆیە هەرگیز نەچوویتە لیستى بوونەوە
ئاى لە خۆم
ئەو شەوە بوو زەمەن
قامکەکانمى لەسەر وەتەرى بێدەنگى دانا و
ئاوازە نامۆییەکانى خۆى فێر کردم
گەرووى پڕ کردم لە نۆتەى خنکاوو
گۆرانیە شکاوەکەى خۆی پێ وتمەوە
ئاى خودا
وەک قەرەجێک
نێو لەپى زەمەنم خوێندەوە
هێماى ژیانم کورت و
هێڵى بەختیاریم دیار نەبوو
بە کوچەکانى عەدەمدا تێپەڕیم و
بەسەر باڵى بوراقێکى ئەندێشە
روو لە ئاسمانێکى نادیار هەڵکشام
هەر ئەوەندەم پێ کراو
هەر وەکو ئێستاش غەریب بووم لەگەڵ خۆمدا
لەگەڵ تارمایى خەمێکى بێ کۆتادا دەژیم و
لەگەڵ تەواوبوونى ئەم شیعرەش دەمرم
مانگى 6ى |